بەکتریا سەوزە شینباوەکان

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2024-05-16-22:26:00 - کۆدی بابەت: 12929
بەکتریا سەوزە شینباوەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بەکتریا سەوزە شینباوەکان یاخود سیانۆبەکتریا (بە عەرەبی: البكتريا الخضراء المزرقة، بە ئینگلیزی: Cyanobacteria) بریتییە لە کۆمەڵێک بەکتریا کە توانای ڕۆشنەپێکهاتنیان هەیە و بە شێوەیەکی بەرفراوان بە نشینگە ئاوییەکاندا بڵاوبوونەتەوە وەکوو ئۆقیانووس، زەریا، ڕووبار، دەریاچە و هەتا دوایی. هەروەها لە نشینگە زەمینییەکانی وەکوو خاکە شێدارەکانیشدا دەژین. دەکرێت بە شێوەی تاک خانە بژین یاخود لە شێوەی کۆڵۆنیدا. سیانۆبەکتریاکان بەرهەمهێنەری گرنگی ئۆکسجینن بۆ هەسارەی زەوی. بۆ بەرهەمهێنانی ئۆکسجین ئاو بەکاردەهێنن، واتە گەردەکانی ئاو شیدەکەنەوە بۆ دەرپەراندنی ئۆکسجین. هەروەها توانای جێگیرکردنی نایترۆجینیشیان هەیە.

سیانۆبەکتریاکان زیندەوەری ئاویین و ماددەی کلۆرۆپلاستیان تێدایە (کلۆرۆپلاست: پلاستیدە کە کلۆرۆفیلی تێدایە) یارمەتی دەدات لە کرداری ڕۆشنەپێکهاتندا. ئەم زیندەوەرە پەیوەندیدارە بە کۆمەڵەی بەکتریاکانەوە بەڵام یەک تایبەتمەندی هەیە کە هاوشێوەی قەوزە ناوک ڕاستەقینەکانە ئەویش هەبوونی کلۆرۆپلاستە، بۆیە هەندێکجار پێشی دەوترێت قەوزە سەوزە شینباوەکان.

مێژووی بەکتریا سەوزە شینباوەکان

سیانۆبەکتریاکان لەگەڵ زیندەوەرە ناوک سەرەتایییە سەرەتایییەکان، یەکێکن لە شێوە هەرە کۆنەکانی ژیان لەسەر زەوی. نزیکەی ملیارەها ساڵ پێش ئێستا لە ژینگە سەختە سەرەتایییەکاندا بوونیان هەبووە پێش ئەوەی ڕووەک و ئاژەڵەکان دروست ببن.

کۆنترین جۆری بەبەردبووەکان بریتین لە Stromatoliteـەکان، کە لە کۆمەڵێک زیندەوەری مایکرۆسکۆپی بچووک پێکهاتووە وەکوو بەکتریا سەوزە شینباوەکان و پێکهاتە قەوزەیییەکانی تر. پاشماوەی ئەم بەبەردبووانە لە بەردە کۆنەکانی ڕۆژاوای ئوسترالیا دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٣،٥ ملیار ساڵ پێش ئێستا. ئەمانە یەکەمین ئەو زیندەوەرانە بوون کە بەرپرس بوون لە بڵاوکردنەوە و بەرهەمهێنانی ئۆکسجین بۆ ناو ژینگە لەڕێگەی چالاکییە ڕۆشنەپێکهاتنەکانیانەوە.

تایبەتمەندییەکانی بەکتریا سەوزە شینباوەکان

سیانۆبەکتریا زیندەوەری ناوک سەرەتایی و گرام نێگەتڤن. زیندەوەرانێکن کە پێویستیان بە هەوا هەیە و خۆژێنن لەڕێگەی بەکارهێنانی تیشکی خۆرەوە وەکوو سەرچاوەی وزە بۆ دروستکردنی خۆراک بۆ خۆیان. قەبارەکەی نزیکەی یەک بۆ دە مایکرۆمەتر دەبێت. ناوکێکی سەرەتایی هەیە بەبێ پەردەی ناوک. ئەندامۆچکە بە پەردە دەورە دراوەکان بوونیان نییە لە سیانۆبەکتریاکاندا. کلۆرۆفیل ئەی، فایکۆسایەنن و فایکۆئیریثرین کە بۆیەی پەیوەندیدارن بە ڕۆشنەپێکهاتن، بوونیان هەیە لەناو بەکتریا سەوزە شینباوەکاندا.

  • کلۆرۆفیل ئەی: ڕەنگی سەوزی پێدەبەخشیت
  • فایکۆسیانین: ڕەنگی شینی پێدەبەخشێت
  • فایکۆئیریثرین: ڕەنگی سووری پێدەبەخشێت

سیانۆبەکتریاکان بەهۆی هەبوونی بۆیەی کلۆرۆفیل ئەی و فایکۆسیانین پێشیان دەوترێت قەوزە سەوزە شینباوەکان.

جۆرەکانی بەکتریا سەوزە شینباوەکان

 بەپێی جۆری خانەکە، سیانۆبەکتریا دابەش دەبن بەسەر سێ جۆردا، کە بریتین لە:

  • تاک خانە
  • شێوە کۆڵۆنی
  • شێوە دەزوولەیی

پێکهاتەی بەکتریا سەوزە شینباوەکان

پێکهێنەرەکانی پێکهاتەی بەکتریا سەوزە شینباوەکان بریتین لە:

  • بەرگێکی داپۆشەر: پارێزگاری لە خانەکە دەکات و شێدارێتی خانەکە دەپارێزێت
  • دیواری خانە: دەکەوێتە نێوان بەرگە داپۆشەرەکە و پەردەی خانەکە و لە چوار چین پێکدێت
  • پەردەی خانە
  • سایتۆپلازم

گرنگییە ئابوورییەکانی بەکتریا سەوزە شینباوەکان

  • سیانۆبەکتریا بەپیتێتی خاک زیاد دەکات.
  • ڕێگە لە ڕاماڵین و داخورانی خاک دەکات.
  • ماددەیەکی کیمیایی ترش کە بەشێوەیەکی سروشتی لەلایەن ئەم بەکتریایەوە دروست دەکرێت تفتێتی خاک کەمدەکاتەوە.
  • سیانۆبەکتریا ماددەی ئەندامی بۆ خاک زیاد دەکات.
  • ڕەگەزی Lyngbya دەتوانرێت لە دروستکردنی دەرمانە دژەزیندەیییەکاندا بەکاربهێنرێت.
  • سیانۆبەکتریا وەکوو "دەستنیشانکەری پیسبوونی ژینگە" بەکاردەهێنرێت.

کاریگەرییە زیانبەخشەکانی بەکتریا سەوزە شینباوەکان

  • هەبوونی ڕێژەیەکی زۆری سیانۆبەکتریا لەناو ئاودا دەبێتە هۆی پڕبوونی ئاوەکە لە قەوزە و بەکتریا و وەکوو گۆمی لێدێت.
  • دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی ئۆکسجین لەناو ئاوەکە و ئەمەش سەردەکێشێت بۆ کوشتنی زیندەوەرە ئاوییەکان.
  • سیانۆبەکتریا ماددەیەکی لینجی لكێنەر بەرهەم دەهێنێت کە بۆنێکی ناخۆشی هەیە و جۆریەتی ئاوەکە کەم دەکاتەوە.


سەرچاوەکان



4618 بینین